ناسیین و ناساندنی نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا #عەزیز_گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە. ✍د.…
انتشار: 2026/08/14 18:16 UTCدریافت: 2026/08/18 10:50 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/18 10:50 UTC
ناسیین و ناساندنی نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا #عەزیز_گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە. ✍د. محەمەد یەعقووبی 👈 بەشی یەکەم: لە مێژ ساڵە ئاواتەی ئەوەم بووە دەرفەتێکی باشم بۆ بڕەخسێت و لە سەر کتێب و نووسیینەکانی مەزنە نووسەر و بیرمەندی کورد، ڕەحمەتی…هەر کات وا بیر دەکەم ئەو کەڵە پیاوانە لە نیۆ ئێمە غایبن، خەمێک قووڵ دام ئەگرێت، بەڵامدڵم نایەت بڵێم هیچ کام لەو گەورە نووسەرانەمان مردوون، چونکوو باش دەزانم ئەوان هیچ کامەیان نەمردوون و لە سەر تاقچە و لە سەر کتێبخانە و لە ناو ماڵەکانمان، هاودەمی هەموو کوردێکن و دڵی هەموو کوردێک دەدەنەوەو هەستمان دەبزۆێنن و ڕۆحمان هان دەدەن کە مەترسن ئێمە ئەوەی دەبێت بکرێت، کردوومانە، ئێوە بەس چاوتان لەو ماڵە فەرهەنگییە بێت، ئێمە بۆتانمان ئاوەدان کردووە. ئێوە گەنجتان بە دەستەوەیە بەو گەنجانە کلتووری وڵات و نیشتیمان سەر لە نوێ بنیات بنێنەوەو، ئاوێنەی ڕۆحتانی پێ هەتوان بدەن. کێ دەتوانێت لە هاودەمی هەژاردا باڵای ئاوەزی بەرز نەبێت و جارجارێک نەگرێت و کێ دەتوانێت کاتێک مەسعوودمحەمەد دەخوێنێتەوە هەست بە هاودەمی فەلسەفی و ئاوەزمەندی و گەورەیی نەکات، کێ دەتوانێت بە لای عەلای سەجادیدا بڕوات و پێ نەکەنێت و لە گەڵ سەجادی بەرەو ساڵەکانی سەدەی دووەمی کۆجی نەڕوات و بە شوێن شیعرە پەرژ و بڵاوە کوردییەکاندا نەگەڕێت و لە شوێن ناوی کەسایەتییە گەورە کوردەکان گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستان سەفەر نەکات، کێ دەتوانێت بێتە بەر هۆدە لە وانە سازکراوەکانی عەزیز گەردی و ئەو پەڕی شایی و خۆشحاڵی لێی سەرنەدات ئەو کاتانەی دەبینێت هیچ تیوری و نەزەریەیەکی زانستی بەلاغەت بە واتاناسی و ڕوونبێژی و جوانیکارییەوە تاکوو عەرووز و هەموو کێشەکانی شیعری نییە مەگەر کاک عەزیز هەر هەموویانی بە سەر نموونە شیعرییە کوردییەکاندا تەتبییق داوەو شیعری بەرزی شاعیرانی بەو زانستانە، چەن ئەوەندە بەرزتر کردوەتەوە دەڵێیت کاک عەزیز چەن زانکۆی کوردستانی لەو ساتانەدا پێیان گوتووە بۆ ئەدەبی کوردی کتێبی زانستی بنووسێت. من ویستم لەم نووسیینانەمدا لە گەڵ نووسیینەکانی کاک عەزیز گەردی میوانی ماڵی دڵ و مێشکتان بم و بە لیکدانەوەی باسەکانی مامۆستا عەزیز و شێوازی نووسینی، بەش بە حاڵی خۆم، خزمەتێکی هەرچەن بچووکم بە زمان و ئەدەبی کوردی کردبێت.کاک عەزیز هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لای گرینگ بووەو هیچ کامیانی لە بیر نەکردووە. ئەدەبی مناڵانی هۆنێوەتەوەو لە ئەدەبی کوردی و ئەدەبی مناڵانی وڵاتانی دیکە، چێشتی فیکری و زەینی مناڵانی دابین کردووە. چیرۆک و ڕۆمانی زمانەکانی دی بۆ هەمووان بە جوانترین و نەرم و ناسک ترین وشە و ڕستەی کوردی وەرگێڕاوەتەوە. بەشی چیرۆک و ئەدەبی کرماشانی لە بیر نەکردووەو کتێبەکانی مەنسوور یاقوتی و عەلی ئەشرف دەرویشیانی بە زمانێکی پاراوی کوردی وەرگێڕان کردووە. نووسیینەکانی کاک عەزیز هەوێنیان لە زمانێکی نەرم و نیانە کە کەسەکان وا دەزانن ئەوانیش ئەتوانن بەو زمانە بنووسن کە خۆیان لەو ئەزموونە ئەدەن دەبینن نە پێیان ناکرێت. وشەکان لە کێش و سەروای هاوتەریبێک کەڵک وەردەگرن کە ڕستەکان بە فۆرم و ناوەڕۆکیک پڕاوپڕ لە هەست و ئاوەز و مۆسیقا دەخەمڵێنن.ئەم زاتە گەورەمان لە ساڵی ۱۹۴۷ لە بەحرکەی شاری هەولێر سەری بە دونیا هەڵێناوەو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە بەحرکە تەواو کردووەو لیسانسی زمان و ئەدەبی فەرەنسی لە زانکۆی موسڵ گرتووەو ماستەری لە زمان و ئەدەبی کوردیدا لە ساڵی ۱۹۹۴ گرتووەو لە ساڵی ۱۹۹۹بڕوانامەی دووەمی دکتۆرای زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆیە گرتووە. کاک عەزیز لە ژیانیدا پلە و پێگەی زانستی شایانی بووەو لە دوا ئەنجامدا پلەی زانستی پرۆفیسۆر بە دەست دەهێنێت کە هەر هەموویان نیشان لە گەوەرەیی و زانستوانی ئەو پیاوە دەدەن. کۆی نووسیین و وەرگێڕانەکانی کاک عەزیز لە سەرووی پەنجا بەرهەمن کە هەموویان بۆ زمان و ئەدەب و سامانی کوردی گەنجینەن.t.me/kurdokurdistan


