ناسیین و ناساندنی نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا #عەزیز_گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە.✍د. م…
انتشار: 2026/08/14 18:05 UTCدریافت: 2026/08/18 10:50 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/18 10:50 UTC
ناسیین و ناساندنی نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا #عەزیز_گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە.✍د. محەمەد یەعقووبی👈 بەشی یەکەم:لە مێژ ساڵە ئاواتەی ئەوەم بووە دەرفەتێکی باشم بۆ بڕەخسێت و لە سەر کتێب و نووسیینەکانی مەزنە نووسەر و بیرمەندی کورد، ڕەحمەتی مامۆستا عەزیز گەردی بە دڵی خۆم شت بنووسم، بەڵام بە داخەوە ئەو ژیانە قورس و سەنگیینە هەرجارەو بە پاساوێک ڕێگای ئەو ئاواتەی لێ بەربەست کردووم، ئیتر باش دەزانم تەمەن کە کەوتە سەرووی پەنجاساڵەوە، خێراییەکەی زۆر زۆرەو هەرچی دەکەیت ڕاوەستەیەکت بۆ ناکات. هاوزمانە ئازیزەکانم خزم و کەسە خۆشەویستەکانم ئەگەر هەموو تەمەنم بەو زمانە شیرینە کوردییە وەک کانی ئاو، وشەم لە کانیاوی زوڵاڵی زمانی دایکیم، هەڵگۆستبایە و هەموو ئەو وشانەم وەک دەنکی ملوانکە هۆنیبایەتەوەو و لە ملی بەرزوجوانی ئەدەبی کوردیم کردبایە، هێشتا ئۆخژنم بە دڵدا نەدەهات، ئەوەندە تینووی ئەو زمانەی خۆمانم وەک ماسییەکییم لێهاتووە کە لە نەبوونی ئاوەکەدا دەمرم. بۆیە یەکێک لە سەرچاوکە ڕوون و زوڵاڵەکانی زمانی دایکیمان لە ماڵە مامۆستا عەزیز گەردیدا هەڵقوڵاوە و ئیتر منیش ئیرادەم بەوە کرد، خوێندنەوەیەکی بەشێک لە کتێبەکانی مامۆستا بکەم تاکوو دوڕو گەوهەری جوانیان لێ دەربهێنم وە پێش چاوانیان بخەم و لایەنەکانی شاراوەو ناشاراوای زمانی و ئەدەبی و کەسایەتی ئەو مامۆستا گەورەیە،وەبەر ڕووناکایی بخەم ئەو کەسایەتییەی کە لە بێدەنگیدا ژیاو لە بێدەنگیشدا، ماڵئاوایی لە ئێمە و نیشتیمان کرد. کاتێک نووسیینەکانی کاک عەزیز و دیکەی نووسەرانی گەورەی کورد چاو لێ دەکەیت وابیر دەکەیت بڕیارێکی نەنووسراو لە نێوان، مامۆستا بەرز و گەورەکانی کورددا هەبووەو دەڵێیت ئاوا لە نێوان خۆیاندا ئیشە بنەڕەتییەکانیان، بەش کردووە. مامۆستا هەژار بەشی فەرهەنگ نووسی و مێژوو و وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز، مامۆستا مەسعوود محەمەد بەشی زمانەواتی و ڕێزمانی کوردی و فەلسەفەی ئەدەب، مامۆستا عەلائەدین سەجادی، بەشی مێژووی ئەدەبی کوردی و چیرۆکە ناوازە کوردییەکان، مامۆستا عەزیز گەردیش، بەشی بەلاغەت و عەرووز وەک ڕوونبێژی و جوانیکاری و واتاناسی و کێشناسی شیعری کوردی و وەرگێڕانی شاکارە جیهانییەکان پۆلیینبەندییان کردوون و هەرکامەیان لە بەشی خۆیاندا تا توانیویانە، لە قووڵایی دڵەوە بە قووڵایی ئیشەکانیاندا ڕۆچوون و بە باشترین شێوە، بەرزترین ئاستی ئەدەب و زانست و وەرگێڕانیان پێشکەشی نەتەوەکەیان کردووە.t.me/kurdokurdistan


