یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە هەڵوێستی مستەفاخانی باوەجانی لە پاراستنی پەنابەر…
انتشار: 2026/07/30 19:21 UTCدریافت: 2026/07/31 15:08 UTCآخرین مشاهده: 2026/07/31 15:08 UTC
یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە هەڵوێستی مستەفاخانی باوەجانی لە پاراستنی پەنابەران و بەرزڕاگرتنی یەکگرتوویی، لە ڕووناکی بەڵگەیەکی نوێی مێژوویی ✍عادڵ مرادپور هەندێک جار، مێژوو بە قسەی براوەکان ناناسرێت؛ بەڵکو بەو بەڵگانە دەناسرێت کە…لەو قۆناغە هەستیارەدا، مستەفاخان لە بەرامبەر بڕیارێکی ئاسان نەوەستا. لە یەک لایەوە، فشار و داواکارییەکانی دەوڵەتی ناوەندی و عوسمانی هەبوون بۆ ڕادەستکردنەوەی پەنابەران؛ لە لایەکی دیکەش، بەرپرسیاریی مێژوویی و ئەخلاقی لە بەرامبەر هاونەتەوەکانی خۆی. ئەو دەیتوانی لە پێناوی دەسکەوتی پۆست و دەسەڵات، ئەوان ڕادەست بکات؛ بەڵام ئەو ڕێگایەی هەڵنەبژارد. بە پێچەوانەوە، بە وەڵامێک کە تا ئێستا لە مێژووی جاف و هەمەوەنددا وەک دەربڕینی شەرف و نیشتمانپەروەری دەمێنێتەوە، ڕایگەیاند:«ئەوان مێوان نین؛ ئێرە ماڵی خۆیانە و ئێمەش ناتوانین سەرشۆڕی بۆ خۆمان لە مێژوو تۆمار بکەین.»ئەم وتەیە، هەم وەڵامێکی سیاسی و هەم دەستوری بیرکردنەوەی حاکمێک بوو کە سنووری عێل و هۆز و عەشرەت و تایفەی تێپەڕاندبوو. لە دیدی مستەفاخانەوە، هەمەوەندەکان مێوان نەبوون؛ چونکە مێوان کاتێک دەڕوات، بەڵام هاونیشتمان و هاوچارەنووس هەمیشە بەشێکن لە یەک پیکەری کۆمەڵگا. بەم هۆیە، پاراستنیان هەم ئەرکێکی ئەخلاقی و هەم بەرپرسیارییەکی نیشتمانی بوو.لەم هەڵوێستەدا، لێهاتوویی سیاسی مستەفاخان بە ئاشکرایی دەردەکەوێت. ئەو دەیزانی کە هێزی هەر دەسەڵاتێک جیا لە ژمارەی سپا و چەکەکانی، بە ڕادەی متمانەی خەڵک و هاوپەیمانەکانی پەیوەندی هەیە. بۆیە بە پاراستنی پەنابەران، لە ڕاستیدا بناغەی متمانە و یەکگرتوویی نێوان جاف و هەمەوەندی پتەوتر کرد.ئەمە هەر ئەو یەکگرتووییە بوو کە دواتر لە نامەی ئەمینولسولتاندا وەک مەترسییەکی گەورە بۆ دەوڵەتی قاجار باس لێوە دەکرێت. واتە، بەڵگە نوێی مێژووییەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ترسی دەوڵەت، لە ئەنجامی ئەو بڕیارە مێژووسازەی مستەفاخان سەرچاوەی گرتبوو.بەم شێوەیە، پاراستنی هەمەوەندەکان تەنیا بەسەرهاتێکی مرۆیی نەما، بەڵکوو بوو بە بنەمای هاوپەیمانییەک کە هێندە بەهێز بوو، تا دەوڵەتە ناوەندییەکان ناچار بوون لە جیاتی گفتوگۆ و ئاشتی، بیر لە سیخوڕناردن، چاودێریکردن و شکاندنی متمانەی ناوخۆیی بکەن. لێرەوەیە کە مێژوو ڕوون و خۆئاگامان دەکاتەوە: زۆرجار، ئەوەی دوژمن لێی دەترسێت، هێزی چەک نییە؛ بەڵکوو هێزی یەکگرتوویی و متمانەی نێوان خەڵکە.ئەگەر هەڵوێستی مستەفاخانی باوەجانی بناغەی یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند بوو، ئەوا نامەی ئەمینولسولتان ئاشکرای دەکات کە سیاسەتی دەوڵەتی قاجار، لە بەرامبەر ئەو یەکگرتووییەدا، سیاسەتی چاودێری، سیخوڕناردن و دابەشکردن بوو. ئەم بەڵگەیە بە ڕوونی نیشان دەدات کە دەوڵەتە ناوەندییەکان باش دەیانزانی هێزی ڕاستەقینەی جاف، جیا لە ژمارەی سپا و چەکەکانی زۆرتر لە متمانە، برایەتی و هاوپەیمانی نێوان هۆزەکاندا بوو.لە مێژووی سیاسی جیهاندا، زۆرجار دەوڵەتەکان کاتێک ناتوانن بە هێزی سەربازی سەرکەون، ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی دەبن. لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، هەوڵ دەدەن گومان، ناکۆکی و دووبەرەکی بخەنە ناو ئەو کۆمەڵگانەی کە یەکگرتووییان هێزیانە. نامەی ئەمینولسولتان، وەک بەڵگەیەکی فەرمی، بە باشترین شێوە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت. داواکردنی سیخوڕانی جێی متمانە لە ناو جاف و هەمەوەند، هەم بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بوو؛ هەم دەستپێکی سیاسەتێک بوو کە ئامانجی شکاندنی متمانە و لاوازکردنی یەکڕیزی بوو.لە پاش ئەو ڕووداوانە، مێژوو ئەوەش نیشان دەدات کە شەهیدبوونی مستەفاخانی باوەجانی لە ساڵی ١٩٠٩ زایینی، لەدەستچوونی دەسەڵاتدار و حاکمێک نەبوو؛ بەڵکوو سەرەتای لاوازبوونی یەکگرتوویی دەسەڵاتی جاف بوو. دابەشبوونی دەسەڵات، زیادبوونی ململانێ ناوخۆیی و دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان، ئەو هەلومەرجەیان ڕەخساند کە دەسەڵات و یەکڕیزییەکی چەندین دەیەیی، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پارچەپارچەبوون بچێت. ئەوەی دوژمن بە سیخوڕ و پیلان دەستی پێکرد، لە کۆتاییدا بە دابەشبوونی ناوخۆ بەشێکی گرنگی ئامانجەکانی پێک هێنا.بەڵام ئەم بەسەرهاتە، تەنیا لاپەڕەیەکی مێژوویی نییە؛ میراتێکە بۆ ئەمڕۆ. ئەگەر سەدەیەک لەمەوبەر، یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند هێندە بەهێز بوو کە سەرۆک وەزیرانی قاجار لە تاران باسی سیخوڕناردنی بۆ دەکرد، ئەوا ئەمڕۆش دەبێت بزانین کە هەر یەکگرتووییەک، پێش هەر شتێک، ئامانجی نەیاران دەبێت. مێژوو بە فێرکردنەوەی خۆی دەڵێت: زۆرجار هێرشەکان لەسەر خاک دەست پێ ناکەن؛ لەسەر متمانە دەست پێدەکەن.t.me/kurdokurdistan


