یادداشت: عەبدولقادر نیازیلەگۆڕینی خوداوە بۆ ئامڕاز تا بەدادگاکردنی منبەر و تریبۆن بۆ ئەویتر(ڕەخنە…
انتشار: 2026/08/13 16:25 UTCدریافت: 2026/08/15 04:53 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/15 04:53 UTC
یادداشت: عەبدولقادر نیازیلەگۆڕینی خوداوە بۆ ئامڕاز تا بەدادگاکردنی منبەر و تریبۆن بۆ ئەویتر(ڕەخنە لە گوتاری هەڕەشە و سڕینەوەی ئێزیدییەکان)ــــــــــــــــــــــئەگەرچی ئایینی ئیسلام زۆرجار لەلایەن هەندێ عەقڵییەتی بە ڕواڵەت دێمۆکڕاتیک و مۆدێڕن و خودی ئێزیدییەکانیشەوە کەوتۆتە بەر پەلاماری بێ ڕێزی و هەڕەشە بەڵام، ئەو یادداشتە، نە خولیای ئەوەی هەیە گشتییەتی هیچ ئایین و شێوەهزرێکی سیاسی بەرێتە ژێر پرسیار(لَا أَعْبُدُ مَا تَعْبُدُونَ/وَلَا أَنَا عَابِدٌ مَا عَبَدْتُمْ/لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ) نە بەرگریکردن لەوانەشە کە ئێزیدییەکان بە بیانووی کوردنەبوون دەخەنە بەر شاڵاوی هەڕەشە و بێ ڕێزی، بەڵکوو ڕەخنە لەو مێکانیزم و عەقڵانییەتە نوقسانەیە کە بەنێوی خودا و دین و بیری ئایدیالۆژیک و سیاسی، خەریکی بەدادگاکردنی منبەر و تریبۆنەکانن بۆ ئایین و ئایینزاکانی تر و هەروەها شوناسی سیاسی ئەویتر. لەو سووچەوە، هەڕەشە لە ئێزیدییەکان کە چەند ڕۆژێکە دە سۆشیاڵ مێدیادا خەریکی دەست بە دەست پێکرانە، تەنیا قسەیەکی توند، هەڵەیەکی تاکەکەسی، یا دەرچوونێکی سۆزداری و ڕۆمانتیک لەسەر منبەر و تریبۆنەوە لەلایەن فیگۆڕە بۆشەکان نییە. بەڵکوو پێوەندی بە شێوەی دروستکردنی گوتار و عەقڵانییەت، باوەڕ و دەسەڵات و چۆنییەتی هەڵس و کەوت لەگەڵ ئەویتر هەیە. کێشەی گوتاری توندئاژۆ تەنیا هەڕەشە و ترساندن نییە؛ لەو سیستمە واتاییەیە کە جیاوازیی ئایینی و هزری ئەویتر، بە هۆکار و نێوانگری دابڕین لە مرۆڤایەتی دەزانێ و ترساندن و هەڕەشە بە کردەی پیرۆز. خاڵی دەستپێکی ئەو شێوازە لە توندئاژۆیی، خستنە دەرەوەی ئەویترە لە بازنەی مرۆڤایەتییەوە. بەو هۆکارە، ئێزییدی یا هەر کەمینەیەکی تر دە گوتاری توندڕەو و بناژۆخواز و سادیستیکدا، لە مرۆڤی خاوەن مافەوە دەگۆڕدرێ بۆ نمادی جیاوازی، بێ بڕوایی و لە هەمووی خراپتر نمادی سڕانەوە و پاکتاوکران. ڕێک لەو کاتەدا کە ئەویتر(لێرەدا ئێزیدی) وەک مرۆڤی خاوەن ماف نابینرێ، درزە ئەخلاقییەکانی گوتاری توندئاژۆ خۆی نیشان دەدا. ماکی مەترسیداربوونی ئەو گوتارە، زمانە. زۆرجار هەڕەشەی کوشتن و بڕین لە چەکەوە دەست پێ ناکا، لە وشە و کەلام و گوتارەوە دەست پێ دەکا. وشە کاتێک بەردەوام ئەویتر بە ناپاک، دوژمن، بێباوەڕ یا کەسێک کە مافی ژیانی نییە نێودێر دەکا، خەریکی دانانی سنوورێکی ئەخلاقییە لەنێوان "خۆی" و "ئەو"دا. لەو ساتەدا، گوتار تەنیا باس لە جیاوازی ناکا؛ دەست بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری دوژمن سازیش دەکا. شوناسی توندڕەو زۆرجار بەبێ ئەویتر ناتوانێ خۆی پێناسە کا. "من"خۆمم بەڵام چونکە ئەو "من" نیم، دەبێ بسڕێتەوە. بەو شێوەیە، شوناسی توندئاژۆ بەردەوام دەبەستێنێکی دووالیته و دووبەرەکی نانەوەوەدا خۆی بەرهەم دێنێتەوە. لێرەدا "ئەویتر" تەنیا کەسێکی جیاواز نییە بە هەموو مافە ڕەواکانییەوە؛ بەڵکوو پێویستییەکی تەواوکەری شوناسی ترسێنەر و ئەختەکراوی هزری توندئاژۆیە. ئەو میکانیزمە دەگوتاری توندئاژۆدا پێوەندی بە کەمێتییەوە هەیە(فقدان) کە تێیدا شوناسی داخراو و دۆگم و پاڕادۆکسیکاڵی توندئاژۆ ناتوانێ دان بە کەمێتی خۆیدا بنێ؛ بۆیە زۆرجار لە ڕێگای دیهاوێژییەوە(فرافکنی)، کەمێتی خۆی دەخاتە سەر ئەویتر. بەو شێوەیە ئەویتر دەبێتە هۆکاری دەروونئالۆزی ئەو و هۆکاری ناتەواوییەتی سووژەی توندڕەو. فانتازمی سڕینەوەی ئەویتر لەوێوە دەردەکەوێ: ئەگەر ئەویتر نەمێنێ، "من" بە تەواوییەت دەگەم. ئەوەیە ئەو خاڵەی کە گوتاری توندڕەو، لە ئاستی باوەڕەوە ڕاگوێزی ئایدیۆلۆژیای نا/پێبەند دەکا(لۆکاچ). واتە کێشەی گوتاری توندئاژۆ ئەوەیە کە ئایین دەگۆڕێ بۆ ئایدیۆلۆژیا. دەو بەستێنەدا خودا ئیتر ئاسۆیەکی مێتافیزیکی بۆ پرسیارکردن و ڕزگاربوون نییە، بەڵکوو مێکانیزمێکە بۆ نابەرپرسیارکردنی مرۆڤی توندئاژۆ. ئەوەی لێرەدا قسە دەکا خودا نییە، خودی گوتاری توندئاژۆیە کە دەیەوێ وێژمانی خۆی لە بەپرسیارێتی بپارێزێ لەڕەهەندی نێوانگرکردنی خودا. دە گوتاری توندئاژۆ و بناژۆخوازدا خودا نەک مەبەست بەڵکوو ئامڕازە. ئەگەر ئاگامبێن دەدرێژەی بنەماشکێنی نێهێلیستی نیچەیی دا دەڵێ: خودا نەمردووە بەڵکوو کراوە بە پارە و پووڵ، دە ژین/جیهانی نێهیلیستی توندئاژۆدا خودا دەکرێتە چەک و ئامڕاز بۆ ئیزۆلەکردن و سڕینەوەی ئەویتر و منبەر لە سنووری خۆی دەردەچێ و دەبێتە شەڕگە. لەئاستی پەیامەوە دەچێتە ئاستی سزا و ترساندن. لێرەیە کە منبەر و تریبۆن لەبری ئەوەی دە ڕووماڵێکی دژەئایدیۆلۆژیکی دا ڕوویان دە فرەڕەهەندی و پلۆرالیزم بێ، دەبنە دادگایەکی ئایدیۆلۆژیک، تەنیا حوکم دەدەن. ئەوە تەنیا کێشەیەکی ئایینی نییە؛ میکانیزمێکی شوناس داڕێژییە کە سەرچاوەی پتر دە عەقڵی ئایدیالۆژیک و ناپوختە دایە نەک دە ئایین یا سترەکتۆرێکی نەرمئاژۆی سیاسی دا.
نخستین مشاهده و پستهای مشابه
این برچسبها فقط زمان نخستین مشاهده متن عمومیِ همسان در این فهرست را نشان میدهند و اثباتکننده نویسنده اصلی نیستند.
- مێـژووی ناوچـەی کامیـاران · تطابق دقیق — ۲۴ مرداد ۱۴۰۵، ۴:۵۳
- ناوەندی مێژووی کورد و کوردستان · تطابق دقیق — ۲۷ مرداد ۱۴۰۵، ۱۰:۵۰
اثر انگشت فشرده دقیق و تطابق نزدیکِ متصل به یک نمونه مبنا · زمان ناشناخته، ناموجود باقی میماند



